ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیێنێت، پاش نیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە، لەنێو بازاڕی سلێمانی لە کاتی دەستگیرکردنی “دوو تیرۆریست” هاووڵاتییەک “شەهید” بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکرد، “هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لە ئەرکێکی فەرمیدا لەنێو بازاڕی سلێمانی و هەستاون بە دەستگیرکردنی دوو تیرۆریست لەسەر فەرمانی دادوەر”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، تیرۆریستەکان هەوڵیاندا خۆیان دەرباز بکەن، بەڵام هێزەکانمان لێیان هاتنە دەست و قۆڵبەست کران؛ جێگەی داخە لە کاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستەکان هاووڵاتییەکی شارەکەمان کە لە خێزانێکی دڵسۆز و خەباتگێڕن شەهید بوو”.
بەوتەی ئاسایشی سلێمانی، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
گەنجە تەمەن 22 ساڵەکە کە ناوی “ئەحمەد شەوکەت”ـە بە دوو گولـلە بریندار کراوە و دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
لەبارەی ئەوەی چەند گولـلە بە جەستەیەوە بووە، خاڵی ئەحمەد گوتی کە “بە دوو گولـلە” بریندار کراوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
