دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق بڕیاریدا ماوەی داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ بکاتەوە، ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزییە بەهۆی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە، ٧ی ئاداری ٢٠٢٦، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بڕیاری داخستنی ئاسمانی عێراق سەرجەم ئەو فڕۆکانە دەگرێتەوە کە دێنە ناو وڵاتەکە، یان لێیەوە دەڕۆن، یان بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، بڕیارەکە هەر لە کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەنگاوە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم بڕیارە پاڵپشتە بە هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ بارودۆخی ئەمنی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوەش کراوەتەوە، بەپێی گۆڕانکاری و پێشهاتەکان، هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ دۆخەکە دەکرێتەوە و دواتریش سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر گۆڕانکاری و بڕیارێکی نوێ ئاگادار دەکرێنەوە.