محه‌مه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له هەشتەمین ساڵیادی سه‌ركه‌وتن به داعشدا رایگه‌یاند، هەڵوێستی قارەمانێتی و بەهای ئەو قوربانییە مەزنانە بە بیر دههێننەوە، کە عێراقییەکان لەکاتی بەهێزترین و شەرەفمەندترین شەڕدا نیشانیاندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ محه‌مه‌د شیاع سوودانی له په‌یامێكدا له هەشتەمین ساڵیادی ڕۆژی سەرکەوتندا، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له “X” نووسیویه‌تی، “هەڵوێستی قارەمانێتی و بەهای ئەو قوربانییە مەزنانە بە بیر ده‌هێنینەوە، کە عێراقییەکان لەکاتی بەهێزترین و شەرەفمەندترین شەڕدا بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان لە دژی باندە تیرۆریستییەکانی داعش نیشانیاندا”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ڕۆڵەکانی گەلە مەزنەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانەوە لە ژێر فەتوای پڕ بەرەکەتی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی ڕاپەڕین بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەیان و قوربانیدانەکانیان بووەهۆی سەرکەوتنێکی بەهێز و لەبیر نەکراو”.
محه‌مه‌د شیاع سوودانی هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، “درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی عێراق لە هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی سڤیل و ڕووڕەشی و شەرمەزاری بۆ تیرۆریستانی تاوانبار”.
هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له ١٠ـی کانوونی دووەمی٢٠١٧ـدا هێزه عێراقییه‌كان سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا ڕاگه‌یاند و ته‌واوی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ڕێكخراوه رزگاركرا، كه له ساڵی ٢٠١٤ـدا كۆنتڕۆڵیان كردبوو.