پارێزگاری هەڵەبجە بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانییەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، ماتەمینی گشتی راگەیاند. قایمقامی شارەکەش دەڵێت: “دووبارە ئاگرەکە تەشەنەی کردووە”.
نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: “پارێزگاکەمان رووبەڕووی کارەساتێکی دڵتەزێنی ئاگرکەوتنەوە بوویەوە. بەداخەوە بەهۆیەوە دوو كەسی دڵسۆزی پارێزگاکەمان شەهید بوون، کە لەپێناو پاراستنی ژینگە و خاکدا گیانیان بەخشی، وەکو شەهیدی ژینگەی هەڵەبجە ناویان دەبەین”.
پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت: “بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکیان و هاوبەشیکردنی خەمی بنەماڵە بەڕێزەکانیان، پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا بە راگەیاندنی ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو رۆژ”.
پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریشدا، بەهەمان هۆکار “سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز رابگیرێت”.