رێژەی قوربانیكردن لە هەولێر(ئەربیل) زیادی كردووە

رێژەی قوربانیكردن لە هەولێر(ئەربیل) زیادی كردووە

حوزه‌یران 10, 2025 08:49
رێژەی قوربانیكردن لە هەولێر(ئەربیل) زیادی كردووە
0

لایک

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،  لە چوار ڕۆژی جەژندا هەزار و 461 سەر ئاژەڵی گەورە و بچووک لە کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) سەر بڕاون و کراونەتە قوربانی، سەرباری ئەو ئاژەڵانەی لە دەرەوەی  کوشتارگە و بە جێبەجێنەکردنی ڕێنماییەکان سەربڕاون، ڕاشیگەیاند، 15 کەس بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی تەندروستی، بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.

ڕۆژی دووشەممە، رێكەوتی 9ـی حوزەیرانی 2025، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، 270 سەر ئاژەڵی گەورە لە ڕەشە وڵاغ و هەزار و 190 ئاژەڵی بچووکیش لە کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) سەر بڕاون، لەگەڵ ئەوەی پار، 201 سەر ئاژەڵی گەورە و 672 سەر ئاژەڵی بچووک سەربڕان، کۆی ئاژەڵی قوربانی لە ساڵی 2024، تەنها 872 سەر ئاژەڵ بوون، بەمەش جیاوازی ئاژەڵی قوربانی ئەمساڵ لەگەڵ پار، سەدا 37.4 ـە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) ئاشکرای کرد، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شارەوانی هەولێر(ئەربیل) و پۆلیسی قایمقامییەتی قەزای ناوەندی، دەستییان بەسەر 122 ئاژەڵی بچووک و ئاژەڵێکی گەورە(ڕەشە وڵاغ) دا گرتووە کە خەڵکێک بەنیازبوونە لەنێو گەڕەکەکان و سەر کۆڵانەکان دوور لە ڕێنماییە تەندروستییەکان و کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) سەریان ببڕن و بیانکەنە قوربانی.

هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوە کرد، 9 سەر ئاژەڵی بچووک لە کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) بۆ سەر بڕین ڕەت کراونەتەوە لەگەڵ دوو سەر ئاژەڵی گەورە، لە دوای سەربڕینی ئاژەڵەکانیش، پشکنین بۆ گۆشتی ئاژەڵەکان کراوە و دەرکەوتووە کە 2 هەزار و 279 کیلۆ گۆشت لە ژمارەی هەموو ئەو ئاژەڵانەی سەر بڕاون، بە کەڵکی خواردن نایەن، بۆیە لە پلەی گەرمی 1200 پلەی سیلیزی ئەو ڕێژە گۆشتە سوتێنراوە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، 15 کەس بە فەرمانی دادوەر لەلایەن لێژنەکانی قایمقامییەتەوە دەستگیرکراون چونکە پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون و ئاژەڵیان لە کۆڵان و گەڕەکەکان و مەیدانی ئاژەڵان سەر بڕیووە، ئاشکراشی کرد، کارمەندێک و قەسابێکی کوشتارگەی هەولێر(ئەربیل) لە ڕۆژانی جەژن و لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵاندا برینداربوونە.

En az 10 karakter gerekli