هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت بە بەشدارى و نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق و حەسەن توڕان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق لە بەغداد کۆبووەوە، لەدواى کۆبوونەوەکە هاوپەیمانییەکە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، هیچ هەڵوێستێکى سیاسى لەپشت کێشەی مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان-عێراق نییە بەڵکو ئەو پرسە پرسێکى تەکنیکییە.
لەڕاگەیەندراوى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەتدا هاتووە، هاوپەیمانییەکە جەختیکردووەتەوە ئەمساڵ کۆتا ساڵى ئەم خولەى پەرلەمان و حکومەتى ئێستایە، بۆیە پێویستە هەمووان بەو بەرنامەیەوە پابەندبن کە حکومەتى لەسەر پێکهێنراوە.
بەگوێرەى ناوەڕۆکى ڕاگەیەندراوەکە، هاوپەیمانییەکە پشتیوانیی لە چاکسازیی دارایی و ئابوورى دەکاتەوە کە حکومەت ڕایگەیاندووە، جەختدەکاتەوە هیچ هەڵوێستێکى سیاسى لەدۆسیەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان-عێراق لەئارادانییە، بەڵکو ئەوەى هەیە کێشەى هونەری و تەکنیکییە و دەتوانرێت لەڕێگەى گفتوگۆوە چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە.
لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، هاوپەیمانییەکە داوایکرد کە عێراق بەردەوام بێت لەسەر پرەنسیپەکانی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ڕووداوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی عێراق بپارێزێت و دووربکەوێتەوە لە ململانێ و قەیرانەکان.
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر بارودۆخی سووریا، ئامادەیی عێراق بۆ پشتگیری لە گەلی سووریا دوپاتکرایەوە.