سەرۆکایەتی ھەرێم: ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن
  • TEBA KURDİ
  • Uncategorized
  • سەرۆکایەتی ھەرێم: ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن

سەرۆکایەتی ھەرێم: ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن

نیسان 24, 2024 14:54
سەرۆکایەتی ھەرێم: ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن
0

لایک

وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، دلشاد شەھاب رایگەیاند، ھەموو ھەوڵێک دەگرنە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن و بەشدارییەکی کاریگەریان ھەبێت.

وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستان، دلشاد شەھاب لەبارەی سەردانەکەی سەرکۆماری توركیا  ره‌جه‌ب ته‌یب ئەردۆغان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی تازە نییە، گرنگیدان و پەرەپێدانی لەبەرژەوەندی ھەردوولا دایە، بەرژەوەندی ھاوبەشمان زۆرە و دراوسێی یەکترین، جیا لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، پەیوەندی ئابووری و سیاسییمان ھەیە و سەقامگیری ناوچەکە ئامانجێکی سەرەکی ئێمەیە، سەرۆککۆماری تورکیا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، دەستنیشانکردنی ھەولێری وەک پێگەیەکی بنەڕەتی سەردانەکەیدا، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و ھەرێم و ئاماژەیەکی گرنگە بۆ زیندوویەتی ھەرێم وەک کاراکتەرێکی سیاسیی لە پڕۆسەی عێراق و ناوچەکە و گرنگییەکی تایبەتی ھەیە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش، دلشاد شەھاب وتی: لەم نزیکانە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەردانی بەغدا دەکات، رەنگە کۆبوونەوەیەکی ئیدارەی دەوڵەت رێکبخرێت و بەشداری تیادا بکات، ئەمە کۆبوونەوەیەکی دەورییە و جاری پێشووش سەرۆکی ھەرێمی  كوردستان بەشداربووە، ئەم بەشداربوونە کاریگەری ئەرێنی دەبێت و ئێمە بەشێکی بنەڕەتین لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق.

وتەبێژی سەرۆکایەتی ھەرێمی كوردستان وتیشی، “سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان. دەبێت زەوینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. ناکۆکییە ساسییەکان گورزی یاسایی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان داوە، ناکۆکییەکانی یاسای هەڵبژاردنیش بە هەمان شێوە زیانی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە. بوونی پەرلەمانێک کە نوێنەری راستەقینەی خەڵک بێت، لە هەموو پرسێکی دیکە گرنگترە”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، لەبارەی کورسی کۆتاکان و بەشداریکردنییان لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دلشاد شەھاب وتی: بێگومان ھەموو ھەوڵێک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی پێکھاتەکان بەشداری لە پڕۆسەی سیاسییدا بکەن و بەشدارییەکی کاریگەریان ھەبێت، ئەم پێکەوە ژیانە تابلۆیەکی جوانی ھەرێمە، سەرۆکی ھەرێمی كوردستان بە ھەموو توانایەکەوە کار لەسەر ئەم تابلۆیە دەکات و دەبێت ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

En az 10 karakter gerekli