سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پیرۆزبایی ساڵیادی یەکێتی لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد و رایگەیاند، ” ئومێدەوارم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی بەهێزی حکومەت بن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەی”.
ئەمرۆ چوارشەممە 1ـی 6ـی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرد بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنییەوە.
هاوکات لە پەیامەکەدا هاتووە، “بەبۆنەی ( 47)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم لە پێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان”.
شایەنی باسە بارزانی دەشڵێت، “ئومێدەوارم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، وەک بەشدارێکی سەرەکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستان، پشتیوانی بەهێزی حکومەت بن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتێکی شایستەی خەڵکی کوردستان بکات”.
لەکۆتایی پەیامەکەدا هاتووە، “لەم یادەدا، جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی و کارکردنی لایەنە کوردستانییەکان دەکەینەوە بۆ داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان”.
ئەمڕۆ 1ـی حوزەیران 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێدەپەرێت کە لەلایەن جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتی و دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سووریا دامەزرا. تاوەکو ئێستا چوار کۆنگرە و ژمارەیەک پیلینیۆمی بەستووە.