سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی عێراق و باڵيۆزى رووسيا له عێراق کۆبوونەوە و لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گفتوگۆکردن بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکانی پڕۆسەی سیاسی عێراق کرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە،11-05-2022، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێم پێشوازى له ئيلبروس كوتراشێڤ، باڵيۆزى رووسيا له عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.
سەرۆکایەتیی هه‌رێم راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، “له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دوايين پێشهاته سياسييه‌كانى عێراق و دواكه‌وتنى پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکكۆمار و پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ، په‌يوه‌ندييه‌كانى رووسيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر – به‌غدا، تاوتوێ كران”.
لە کۆبوونەوەکەدا بارزانى، “جه‌ختى له پێويستيى گفتوگۆ و گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه عێراقييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شييان بۆ لێكگه‌يشتن و رێككه‌وتن له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنى به‌ربه‌ست و سه‌ختييه‌كانى به‌رده‌م پڕۆسه‌ى سياسیى له عێراق كرده‌وه”.
ئەوەشی هاتووە، “شه‌ڕ و پێكدادان له ئۆكراينا و كاريگه‌رى و لێكه‌وته‌كانى، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوو، هه‌ردوولا هیوایان خواست به زووترین کات کۆتایی به شه‌ڕ و پێکدادان بێت”.