دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیی عێراق، رزگارکردنى هاونیشتمانییەکی دانیشتووی پارێزگاى سلێمانى لە دەستى رفێنەرانى راگەیاند، کە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە لە نێوان رێگەى دیالە و بەغدا رفێندرا بوو.
رۆژی 14ى تشرینى یەکەمى 2022، دەزگاى ئاسایشى نیشتمانیى عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە لە دواى کەمتر لە 24 کاژێر لە رفاندنى، هاونیشتمانییەکی پارێزگاى سلێمانى لەدەست رفێنەرانى رزگارکراوە و رفێنەرەکانیش، کە دوو کەس بوون دەستگیرکراون.
ئاسایشى نیشتمانیى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، ئەو هاووڵاتییەى پارێزگاى سلێمانى لە رێگەى نێوان دیالە و بەغداد بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە رفێندراوە، کاتێک ویستویەتى بەرەو بەغداد بڕوات.
دواى رووداوەکە ژوورێکى ئۆپەراسیۆنى هاوبەش لە نێوان هەردوو بەڕێوبەرایەتیى ئاسایشى نیشتمانیى دیالە و بەغداد پێکهێندراوە.
ئەو دەزگا ئەمنییەى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، رفێنەرانى ئەو هاووڵاتییە ژمارەى ئۆتۆمبێلە رفێندراوەکەیان گۆڕیوە، کاتێک دەستگیرکراون، هەوڵى هەڵاتنیان داوە لەنێوان رێگەى بەغداد و دیالە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، رفێنەرەکان رادەستى لایەنى پەیوەندیدار کراون لە سلێمانى، کە داواى رادەستکردنیان کردبوون.