ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکان کۆتاییهات بەبێ دەستنیشانکردنی رێککەوتێک بۆ دیاریکردنی سەرۆککۆمار.
سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە شەفەق نیوزی راگەیاند، “دانیشتنەکە تایبەت کرا بە دانان و رێکخستنی چەند یاسایێک کە لە راستیدا ئەو یاسایانە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا بوونی هەیە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەکرد، “لە دانیشتنەکەدا نیمچە رێککەوتنێک کرا بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو ببێتە بەرواری دانیشتنی پەرلەمان، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکانی خولی یاسادانانی نوێ دوای کۆتاییهاتنی پشووی یەک مانگەی یاسادانان”.
وتیشی، “لەمیانی دانیشتنەکەدا باس لە مافە دەستوورییەکان کرا. ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕوانی هێزە سیاسیەکان دەکات لە دەرەوەی پەرلەمان پۆستی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار یەکلا بکەنەوە و دواتر لە ئەنجومەنی نوێنەران رێکبکەون لەسەر دیاریکردنی بەروارێک بۆ دانیشتن و دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار”.