مەسعود بارزانی و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیان تاوتوێ کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢ـی شوباتی ٢٠٢٦، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی “ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان” لە پیرمام، لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی، لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش ئامادەی ببوون، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکـوومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تاوتوێ کراون.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و دۆخی سوریا و گرنگیی یەکخستنی وتاری نیشتمانیی سیاسیی عێراق بەرامبەر بەم گۆڕانکاری و ڕووداوانە کرا، بە شێوەیەک کە پێگە و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بەهێزتر بکات.”