بانکی ناوەندی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبووەوە و بڕیاریدا بڕی 50 دینار لە بەهای دۆلار دابەزێنرێت و بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە 1465 دینار مامەڵەی پێوەبکرێت کە پێشتر بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە 1470 دینار بوو.
بەگوێرەی نوسراوێک کە واژۆی مستەفا غالب مخیف، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراقی لەسەرە و ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندی بڕیاریدا بە دابەزاندنی نرخی دۆلار بەرامبەر دینار، بەگوێرەی بڕیارەکەش بانکی ناوەندی 100 دۆلار بە 145 هەزار و 500 دەفرۆشێت و لە بازاڕیشدا 100 دۆلار بە 146 هەزار و 500 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بانکی ناوەندی عێراق لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش لە چەند رۆژی رابردوو، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو بەرزبوونەوە كەمەی نرخی دۆلار لە بازاڕە ناوخۆییەكاندا لەماوەی رۆژانی رابردوو دروستبووە، هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دروستكردنی پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنی كە لە رێگەیەوە بانكەكان داواكاریی كڕیارەكانیان بەرزدەكەنەوە”.
ئەوەشی خراوەتەڕوو، “چەند مانگێک لەمەوبەر بانكی ناوەندی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا نێودەوڵەتییەكان دەستیكرد بە دروستكردنی ئەو پلاتفۆرمە بەمەبەستی رێكخستنی كارەكانی پەنجەرەی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی و كۆنترۆڵكردنی. بەجۆرێک پلاتفۆرمەكە پێویستی بە پێشكەشكردنی زانیاری هەیە دەربارەی ئەو كڕیارانەی كە داوای حەواڵە دەكەن و ئەوانەی سوودمەند دەبن و ئەو بانكەی حەواڵەكە ئەنجام دەدات”.