سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان-عێراق بە میدیای پارتی ڕاگەیاند ، “پێمان راگەیەندراوە کە سبەی یان دوو سبەی یەک تریلیۆن دینار لە بەغدادەوە بۆ مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی مووچەخۆران دەنێردرێت”.
سەرچاوەکە وتیشی، 430 ملیار دیناری تەواوکەری مووچەی مانگی 11یە و 570 ملیار دینارەکەی دیکەش بۆ مووچەی مانگی 12ـیە.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕەتی كردەوە بەهۆی نەبوونی پارەی كاشەوە بڕیاریاندابێت مووچەی مانگی 12ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان – عێراق نەنێرن.
وەزارەتی دارایی عێراق دوێنێ یەكشەممە ڕایگەیاند: هەموو ئەو دەنگۆیانەی سۆشیال میدیا رەت دەكەینەوە كە گوایە بەهۆی نەبوونی پارەی كاش و سیوولەوە بڕیارماندابێت مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرین.
ڕاشیگەیاند: پابەندین بە بڕیاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و لەمڕووەوە بەشی ژمێریاری وەزارەتمان لە هەوڵەكانی بۆ ناردنی پارە بۆ مووچە بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو بەبێ دواكەوتن و لێبڕین بەردەوامە.
هەروەها ڕایگەیاند: داوا لە سەرجەم دەزگاكانی راگەیاندن و بەكارهێنەرانی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەكەین لە گواستنەوەی زانیارییەكان وریا و وردبن و پێش بڵاوكردنەوەی هەر هەواڵ و زانیارییەك لە سەرچاوەكەی دڵنیابن.