وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە باکو کۆبوونەوە

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە باکو کۆبوونەوە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان تاوتوێی دۆسیەکانی گازی سرووشتیی، شەتی عەرەب و دیارییکردنی سنوورەکانیان کرد.

تەممووز 6, 2023 21:17
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە باکو کۆبوونەوە
0

لایک

بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقه‌وه‌ بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایەن کە لە شاری باکو پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوه‌، لە میانی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و هەنگاوەکانی بەهێزکردنی هەروەها هەماهەنگیی ستراتیجی نێوان بەغدا و تاران لە بەرامبەر پرسە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کراوە.

هەر لە میانی دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردووەتەوه‌ کە سەقامگیری پەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات و ناوچەکەدایە و ئاماژەی بە پابەندبوونی ئەمنیی کردووە کە پێشتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا جێبەجێکراوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هاوکات هەردوولا باسیان لە پرسی شایستەی گازی سرووشتیی ئێران و بەردەوامی دابینکردنی کردووە لەپێناو کاریگەرنەبوونی دابینکردنی تەزووی کارەبا بەتایبەت لە وەرزی هاویندا و بۆ ئەمەش هەردوولا هاوڕابوون له‌باره‌ی کارکردن لەسەر لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەم پرۆسەیە.

پرسی شەتی عەرەب، دیارییکردنی سنوور و کارکردنی بەردەوامی تیمە هونەرییەکانی هەردوو وڵات، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، هاوتا ئێرانییەکەی بوو.

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووه‌، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و عێراق لە باشترین دۆخیدایە و ژمارەیەک دۆسیەی جیا جیا لەنێوان هەردوو وڵات بە باشی بەڕێوەدەچێت، هاوکات سوپاسی رۆڵی عێراق و حکوومەتەکەی و ، فوئاد حوسێنی وەزیری دەرەوە کردووە لە ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە.

En az 10 karakter gerekli