شاندی پارتی سەردانی شاندی بەرەی تورکمانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەولەویەتەکانی قۆناغی داهاتوو کرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ـی کانوونی دووەم، ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی کوتلەی تورکمانی لە ئەنجومەنی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمانتار ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی کوتلەی تورکمانی لە ئەنجومەنی نوێنەران پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، و بە ئامادەبوونی هەردوو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران “گولستان عەبدولڕەحمان” و “زولەیخا ئەلیاس”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکەدا تاوتوێی پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەولەویەتەکانی قۆناغی داهاتوو کرا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان لەو وادە دیاریکراوانەی کە بڕیاریان لێدراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەردوولا جەختیان لە پێویستی بەهێزکردنی لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوان کوتلە سیاسییەکان کردەوە، و گەشبینی خۆیان نیشاندا بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و گشتگیر کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بکات، لەوانەش پێکهاتەی تورکمان.