حكومەتی هەرێم کاتی هاتنی مووچەی مانگی 12ـی راگەیاند

حكومەتی هەرێم کاتی هاتنی مووچەی مانگی 12ـی راگەیاند

شوبات 2, 2025 18:35
حكومەتی هەرێم کاتی هاتنی مووچەی مانگی 12ـی راگەیاند
0

لایک

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، چاویان لەوەیە لەبارەی مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ حكومەتی عێراقە بگەینە ڕێككەون، هەروەها لەماوەی یەك دوو ڕۆژی داهاتوودا بەغداد پارە دەنێرێت، لەبارەی مانگرتوانی سلێمانیەوە وتی، “دەسەوستان نەوەستاوین لە هەوڵداین بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و بەشێك لەوان لەگەڵ میلیشیا عێراقیەكان تێكەڵن و ڕەنگی ئەوانیان گرتووە و ئەو سیناریۆیانە دووبارەن”.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو شاندی تەکنیکی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ هەیە، نییەتی جیدییش بۆ چارەکردنی سەرجەم کێشەکان هەیە، هەروەها ئەوەی هەرێم لەسەری بووە ئەنجامی داوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجیان ڕێككەوتن و چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانە و نایانەوێت سیناریۆكانی 2024 لە ساڵی 2025دا دوبارەببنەوە، هەروەها گفتوگۆكان لەبارەی مووچەی مانگێكەوە نەبوون، چاویان لەوەیە لەبارەی مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی 2024 لەگەڵ حكومەتی عێراقە بگەینە ڕێككەون.

لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، نەوتی هەرێم لە ڕێگەی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە دەكرێتەوە و كۆمپانیاكانی نەوتیش لەسەرەتاوە بەشێك بوونە لە گفتوگۆكان.

لەبارەی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی وتی، “دەسەوستان نەوەستاوین لە هەوڵداین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام بەشێك لەو مامۆستایانەی ئێستا لەژێر خێمەدان لە سلێمانی، خۆپیشاندان و جادەگرتنیان بۆ ئەوەبوو كە ئێمە بچینە بەغداد مووچە وەربگرین”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “هەندێك دەموچاویان تێدایە هێندەی باوەشیانكردوە بە هەندێك سەركردەی بێزراوی میلیشیا عێراقییەكاندا رەنگی ئەوانیان گرتووە، پێشتریش ئەم سیناریۆیانەمان بینیوە كە بەشێكیان خۆیان كاندید دەكەن بۆیە بەشێك لە مامۆستایان مانگرتوو ئێمە وەك نوێنەری هەندێك سەركردەی دژە كورد سەیریان دەكەین”.

En az 10 karakter gerekli