شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، هێزێکی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی پشکنین کەوتوونەتە بەر بۆردومانی ئاسمانی و سەربازێک گیانی لەدەستدا. دەشڵێت: ئەمە پێشێلکارییەکی مەترسیدار و کارێکی ناڕەوایە.”
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی ئاداری ٢٠٢٦، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاشکرای کرد کە هێزێکی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی پشکنین لە ناوچە بیابانییەکانی نێوان پارێزگای کەربەلا و نەجەف، کەوتوونەتە بەر بۆردومانی ئاسمانی و تەقە لێکردن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا جەنگاوەرێکی هێزە ئەمنییەکان شەهید بووە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون”. ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاری و هۆکارەکانی پشت ئەو ڕووداوە پێکهێنراوە.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بە توندی ئیدانەی ڕووداوەکەی کردووە و ڕایگەیاندووە: “دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزەکانمان لەناو خاکی عێراق و لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، پێشێلکارییەکی مەترسیدار و کارێکی ناڕەوایە.”
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە ئەم بەزاندنی یاسایە، دەستدرێژییەکی ڕەتکراوەیە و حکومەتی عێراق بەپێی یاسا و عورفە سەربازییەکان مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.