لە هەولێر (ئەربیل) بەردی بناغەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت کە دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئایاری 2023، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێمی کوردستانی عێراق لە بڵاوکراوەیەک رایگەیاند، لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆر لە هەولێر دروست دەکرێت.
ئاماژە بەوە دراوە، “بەردی بناغەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت و دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق”.
باس لەوەش کراوە، توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لەچاو ئەوەی ئێستا هەیە، بەرزتر بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات. گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەکەی 590 دۆنم زەوییە و لەماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵدەدەن بەزوویی دروستبکرێت.”
ئاماژە بەوە کراوە کە لە هەرێم، دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە، کە توانای بەرهەمهێنانی 3 مێگاوات کارەبایان هەیە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بڕیاریداوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا بە گوژمەی 235 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.