لە گەڕەکی سێتاقانی شاری هەولێر (ئەربیل) شەڕەتەقە لە نێوان دوو تۆمەتبار و هێزە ئەمنییەکان روویدا و منداڵێک گیانی لەدەستدا.
شەوی رابردوو هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی ماددۆ هۆشبەرەکان بەمەبەستی دەستگیرکردنی ژمارەیەک تۆمەتبار گەیشتنە گەڕەکی سێتاقان. تۆمەتبارەکان کە ئامادەنەبوون خۆیان رادەست بکەن بەرەوڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە و شەڕەتەقە لەنێوان هەردوولا روویدا.
لە ئاکامی رووداوەکەدا منداڵێک کە لە نزیک رووداوەکە بووە گیانی لەدەستدا و چەند کەسێکیش برینداربوون.
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانیویانە ئەو باندە دەستگیربکەن کە لە گەڕەکی سێتاقان بە تەقەکردن رووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بوونەتەوە و لە ئەنجامدا منداڵێکی 8 ساڵان گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەڕاوی لێکۆڵینەوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرجەم دەستگیرکراوان گیراوەتەبەر و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.