دوا بەدوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس سەبارەت بەسکاڵاکەی عێراق لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، هەناردەی نەوتی هەرێمی راگیرا.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند، عێراق ئەمڕۆ شەممە 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردەی نەوتی خاوی لە کێڵگە نیمچە سەربەخۆکانی هەرێم و باکووری کەرکوک راگرت، ئەمەش دوای ئەوەی بەغداد دۆسیەیەکی لە دادگای نێودەوڵەتی فڕەنسا لە دژی تورکیا بردەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دۆسییەکە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 23ـی ئاداری 2023 لەلایەن دادگای تایبەت بە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایی بووەتەوە.
لە دۆسیەیەکدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، بەغداد بانگەشەی ئەوەی کرد کە تورکیا رێککەوتنێکی هاوبەشی پێشێلکردووە، بە رێگەدان بە حکومەتی هەرێم بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
لایەنی تورکیاش پابەندبوونی خۆی بە ئەنجامی بڕیارەکە دەربڕیوە و لەمبارەیەوە بەرپرسانی کەشتیوانی تورکیا بە کارمەندانی عێراقیان لە ناوەندی هەناردەکردنی نەوتی جەیهانی تورکیا راگەیاندووە، “بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق رێگە بە هیچ کەشتییەک نادرێت نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان بار بکات”.