وتەبێژی ئەنجوومەنی خزمەتگوزاری گشتی عێراق ڕایگەیاند، تا كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی عێراق پێنج هەزار و 500 كەس لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (مامۆستای زانكۆ و دادوەر) لە پیسپۆڕیە جۆراوجۆرەكان دادەمەزرێنێت و لە قۆناغی داهاتووشدا هەشت هەزار كەسی دیكە دادەمەزرێندرێن.
سەعید عەلامی، وتەبێژی ئەنجومەنی خزمەتگوزاری گشتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاند، “پێش کۆتایی ئەمساڵ، قۆناغی دووەمی دامەزراندنی فەرمانبەران تەواو دەکەن، کە بریتییە لە دامەزراندنی پێنج هەزار و 500 دەرچو كە خاوەنی بڕوانامەی باڵان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دوای هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەکانی پەرلەمان، داواکاری نوێیان بۆ ئەو پسپۆڕییانە وەرگرتووە و هاوکات لە ئێستادا هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەردەوامە بۆ دابینكردنی هەلی دامەزراندن، نازناو و شوێن بۆ ئەو كەسانە”.
سەعد علامی باسی لەوەشكرد، دامەزراندنەكەی ئەمجارە قۆناغی دووەمە و دوای تەواوكردنی، قۆناغی سێیەم دەستپێدەکات کە بریتییە لە دامەزراندنی نزیکەی هەشت هەزار کەسی دیكە بە پسپۆڕیە جۆراوجۆرەكانەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان لە چواچێوەی پڕۆژە یاسای بوجەدایە، كە هەلی دامەزراندنی بۆ 31 هەزار كەس ڕەخساندووە لە پسپۆڕییە جۆراوجۆرەكان.