وەزیری دارایی عێراق تەواوكردنی پرۆژەیاسای بودجەی 2023 رادەگەیەنێت و راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانیش دەڵێت، سبەی دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ئەنجامدەدرێت.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 تەواوكرا و رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كرا بۆ تاوتوێكردن و دەنگدان لەسەری.
وتیشی، “پرۆژەی بودجەی داهاتوو جەخت لەسەر پێشینەكانی پەرەپێدان، پاڵپشتیی تۆڕەكانی پاراستنی كۆمەڵایەتی و توێژە هەژارەكان دەكاتەوە”.
لای خۆیەوە میدیای فەرمیی عێراق لە زاری زیاء ناسری، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە رایگەیاند، سبەی دانیشتنێكی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساكە ئەنجامدەدرێت.