وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی 12 چڕتر بوونەتەوە
  • TEBA KURDİ
  • هەمەڕەنگ
  • وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی 12 چڕتر بوونەتەوە

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی 12 چڕتر بوونەتەوە

ئه‌یلول 8, 2024 19:06
وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا: ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی 12 چڕتر بوونەتەوە
0

لایک

وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌كارییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی 12 چڕتر ده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا زانكۆلاین به‌ڕوی ده‌رچوانی پۆلی 12 كارا ده‌كرێت.

به‌گوێری راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، له‌ به‌رده‌وامی ئاماده‌كارییه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌ حكومیه‌كان بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025)، له‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌چوو.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی د.خه‌تاب ئه‌حمه‌د شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی خوێندن و پلاندانان و به‌دواداچوون، به‌ئاماده‌بونی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆكان، به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری گشتی له‌ زانكۆكان به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌باره‌ی شێواز و میكانزمه‌كانی وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی كرا.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی خوێندن و پلاندانان و به‌دواداچوون، كورته‌یه‌كی له‌باره‌ی دیدگای وه‌زاره‌ت پێشكه‌ش به‌ئاماده‌بوان كرد و ڕایگه‌یاند، “وه‌زاره‌ت ئه‌خوازێت زۆرترین ده‌رفه‌تی خوێندن بۆ ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ی ئه‌مساڵ بڕه‌خسێنێت، بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڕێوه‌به‌ری تۆماری زانكۆكانی ڕاسپارد هه‌وڵ بده‌ن به‌پێی توانای زانكۆكانیان به‌ پلانی وه‌رگرتندا بچنه‌وه‌، به‌جۆرێك كورسی زیاتر له‌ به‌شه‌ زانستیه‌كان بۆ ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ ئاماده‌ بكه‌ن”.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین ڕه‌شنووسی ڕێبه‌ری وه‌رگرتنی خوێندكاران له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2024-2025) كرا، بۆ ئه‌وه‌ش پێداچوونه‌وه‌ به‌ كه‌مترین كۆنمره‌ی به‌شێك له‌ به‌شه‌ زانستیه‌كان كرا، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ زانسته‌ مرۆڤایه‌تیه‌كان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی وه‌رگرتن له‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن به‌ ڕێگه‌ی زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران، خوێندنی پیشه‌یی، وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستی و یه‌كه‌می به‌شه‌ زانستیه‌كان…هتد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌بوان به‌سودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی مه‌یدانیان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كان له‌ ساڵانی ڕابردوو؛ كۆمه‌ڵێك سه‌ره‌نج و بۆچوون و پێشنیازیان خسته‌ڕوو .

له‌ كۆتاییدا، د.خه‌تاب ئه‌حمه‌د شێخانی باسی له‌وه‌شكرد، دوای گه‌یشتنی ناو و داتای ده‌رچوانی پۆلی 12ی ئاماده‌یی له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا زانكۆلاین به‌ڕووی ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ كارا ده‌كرێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هیوای خواست ده‌رچوانی پۆلی 12 دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كانی بازرگانی پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی زانكۆلاین، به‌ڵكو ڕوو له‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕاوێژكاری زانكۆكان بكه‌ن بۆ یارمه‌تیدان و پڕكردنه‌وه‌ و پێشكه‌شكردنی فۆرمی زانكۆلاین به‌شێوه‌یه‌كی دروست.

En az 10 karakter gerekli