دادوەر و سەرۆکی هۆبەیەکی دادگای دووەمی پارێزگای شیرازی ئێران، لە ڕێگەی چوون بۆ سەر کارەکەی لەلایەن کەسێکی نەناسراو بەر چەقۆ دراو کوژرا.
هەواڵی کوژرانی دادوەر ئیحسان باقری، سەرۆکی هۆبەی 102ی دادگای تاوانەکانی دوو لە شیراز، بەرە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئایاری 2025، میدیاکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تەنیوە و سەدروڵلا ڕەجایی نەسەب، سەرۆکی دادگای گشتیی پارێزگای فارس، هەواڵی کوژرانی دادوەرەکەی سەلماندووە.
هەروەها ڕەجایی نەسەب، کوژرانی ئەو دادوەرەی بە کردەیەکی تیرۆریستی ناو بردووە و دەڵێت: لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چۆنییەتی ڕووداو و تاوانەکە و ئاشکرا کردنی ناسنامەی هێرشکەرەکە لێکۆڵینەوەکانیان دەست پێ کردووە و هێرشکەرەکە بە چەقۆ تاوانەکەی کردووە.
هاوکات بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، ئیحسان باقری، تەمەن 38 ساڵ، ماوەی 12 ساڵ خزمەت و ئەزموونی لە بواری یاسایی و دادوەری هەبووە و پێشتریش ئەرکی داواکاریی گشتی، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە هەبووە، دواجار لە نیسانی ساڵی ڕابردوو پلەکەی بۆ سەرۆکی هۆبەی 102ی دادگای تاوانەکانی دوو، لە شیراز بەرز کراوەتەوە.