عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشی ئەمریکای بۆ سەر کەشتیی جەنگیی “دێنا” بە “وەحشیگەرێتیی دەریایی” ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە توندی باجی ئەم کارەی دەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) ڕایگەیاند: “ئەمریکا لە دووری ٢ هەزار میل لە کەناراوەکانی ئێرانەوە، تاوانێکی وەحشیانەی لە ناو دەریا ئەنجامداوە”. عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە کەشتیی جەنگیی دێنا میوانی هێزی دەریایی هیندستان بووە و نزیکەی ١٣٠ دەریاوانی هەڵگرتبوو، بەڵام لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا و بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە کراوەتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە واشنتۆن و وتی: “ئەوەتان لەبیر بێت، ئەمریکا بەهۆی دروستکردنی ئەم پێشینە مەترسیدارە، بە شێوەیەکی زۆر تاڵ پەشیمان دەبێتەوە”.
ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت کە پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، دوێنێ ڕایگەیاند کە ژێردەریاییەکی وڵاتەکەی توانیویەتی لە کەناراوەکانی سریلانکا، کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی بە تۆرپیدۆ نوقم بکات.
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، کەرتی گەشتە ئاسمانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری پەککەوتنێکی گەورە بووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢١ هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە.