دادگای فیدراڵی عێراق، سکاڵاکەی لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراقی لەسەر هەریەكە لە محەممەد شیاع سوودانی و تەیف سامی بۆ 18ـی ئەم مانگە دواخست، كە سەرۆكایەتی كۆمار باسی لەوەكردبوو، سكاڵاكە لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوەیە و داوایان لە داداگا كردووە كە فەرمانی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆران بەشێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، كەمێك لەمەوبەر سكاڵای د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراقی لەسەر هەریەكە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیران و تەیف سامیی، وەزیری دارایی بۆ 18ــی ئەم مانگە دواخست، كە لەسەر دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاراستەی دادگاكەی كردبوو.
ئەوە لەكاتێكدایە هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕۆژی 9ی ئەم مانگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو، لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەران سکاڵایان لەسەر سەرۆک وەزیرانی عێراق تۆمار کردووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ناوەڕۆكی سكاڵاكە چەند خاڵێكی سەرەكییە، لەوانە؛ دادگای فیدراڵی فەرمانی بەپەلە دەربكات بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان-عێراق بەشێوەیەكی بەردەوام و بەبێ راوەستان، هەروەها داوا دەكەن بابەتە هونەرییەكانی وەكو میزانی موراجەعە، وردەكاری و چاودێری كە ئەمانە رێكاری كارگێڕی و هونەرین، نەبنە هۆكارێك بۆ دواخستنی مووچە.
هاوڕێ تۆفیق باسی لەوەشكرد، لەهەمان كاتدا داواكرابوو لەلایەن دادگاوە ئەنجومەنی نوێنەران پابەند بكرێت بە هەمواركردنی (ماددەی 12/بڕگەی ج) لە یاسای بودجەی فیدراڵی كە تایبەتبوو بە تێچوی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق، بەڵام خۆشبەختانە لە ڕۆژانی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەران ئەو گۆڕانكارییەی ئەنجامداوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا جەوهەری داواكارییەكانی ئەوان كورتبووەتەوە بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە خەرجكردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ مانگەكانی ڕابردوو و سەرجەم مانگەكانی دیكەش بەبێ راوەستان و هیچ هۆیەك، ئەوەش مافێكی دەستورییە.
هاوڕێ تۆفیق ڕوونیكردەوە، بڕیاری ڕۆژی 12ی ئەم مانگەی دانیشتنی دادگای لەبارەی سكاڵاكەیانەوە بەڕێوەبچێت، بۆیە داوا لە فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکەن پشوودرێژ بن.