دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێی لەبارەی گورزەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئاشکرا کرد و بە میدیای وڵاتەکەی وت، گورزەکە “10 هێندە بەهێزتر بووە” لەوەی تاران پێشبینیی دەکرد.
رۆژی هەینی 14-06-2025 دۆناڵد ترەمپ بە (فۆکس نیوز)ـی وت: “ئێران 10 هێندە بەهێزتر لەوەی پێشبینی دەکرد لێیدرا.”
ئەم لێدوانە بە روونترین پەیامی پشتگیریی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنی “شێری راپەڕیو”ـی ئیسرائیل دادەنرێت و لە هەمان کاتدا هۆشدارییەکی راستەوخۆیە بۆ تاران لەبارەی ئەنجامەکانی هەر جووڵەیەکی دیکە.
لێدوانەکەی ترەمپ لەگەڵ هەڵوێستە پێشووەکانی یەکدەگرێتەوە، کە تێیدا چەندین جار داوای لە ئێران کردووە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی و هۆشداریداوە کە ئەگەرنا، رووبەڕووی هێرشی “دڕندانەتر” دەبێتەوە.
هەروەها ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ناوچەکە گرژییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت. دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی ئەنجامدا، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان فەرماندەی باڵای سەربازی، لەنێویاندا حوسێن سەلامی و محەممەد باقری، لەگەڵ ژمارەیەک زانای ئەتۆمی، ئێرانیش بە چەندین شەپۆلی مووشەکی وەڵامی دایەوە.
هاوکات هێرشەکانی ئێران زیانی گیانی و مادیی زۆری لە ئیسرائیلدا لێکەوتەوە، لەنێویاندا کوژرانی ژنێک، برینداربوونی دەیان کەس و رووخانی چەندین باڵەخانە لە تەلئەڤیڤ.