بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن و میسر لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا کۆبوونەوە.
رۆژی یەکشەممە، لە پەراوێزی 78ـەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئوردن و میسر بە مەبەستی پتەوترکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەرسێ لایەن جەختیان لەسەر پێویستی تەواوکردنی پڕۆژە هاوبەشەکانیان کردەوە و رێککەوتن لەسەر پێشنیارکردنی پڕۆژەی نوێ لە کەرتەکانی کارەبا و وزە و پەیوەندییەکان و بازرگانی لەگەڵ پیشەسازی و گواستنەوە و تەندروستی و بیناسازییدا.
باسیشان لە میکانیزمی هاوکاری سێ قۆڵی و ئەنجامەکانی کۆبونەوەکە کرد کە لە مانگی حوزەیرانی 2021 لە بەغدا بەڕێوەچوو.
هاوکات، هەر سێ لایەن رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوون لە هەماهەنگییەکانیان بۆ ئامادەکاری لوتکەی سێ قۆڵی داهاتوو کە بڕیارە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەبچێت.
وڵاتانی عێراق و ئوردن و میسر لە کاتی جیاجیادا پەیوەندی قوڵ و کاریگەریان لەگەڵ یەکدا هەبووە، بەڵام سەرەتای ئەم یەکگرتنە سێ قۆڵییەیان بۆ ئازاری ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە و یەکەم کۆبوونەوەشیان لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر ئەنجامدا و تاوەکو دێت پەیوەندییەکانیان بەهێزتر دەبێت.