بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغداد رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەناو ماڵێک لە بەغدادی پایتەخت، چوار کەس رزگارکراون و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی بەغداد لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “دوای ئەوەی لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەناو شوێنێکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی ئەلبەیاعی بەغداد روویدا، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیان چوار ئەندامی خێزانێک رزگار بکەن، لەهەمان کاتدا سێ تەرمیان لە ماڵەکە دەرهێنا، لەنێویاندا دوو منداڵ هەیە کە لە ئەنجامی هەڵمژینی دوکەڵ خنکاون.
ئەوەش هاتووە، “تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەڵمەتی راستەوخۆیان ئەنجامداوە، سەرکەوتووبوون لە چوونە ناو ناوەڕاستی خانووە سووتاوەکە، هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی کوژاندنەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن کردووە، دواتر تەرمەکان دەرهێنراونەوە و بریندارەکان بە سەلامەتی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە”.
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و پسپۆری پزیشکی دادوەری بانگهێشت کراون بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئاگرەکە.