سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە دۆزینەوەی “چارەسەری ریشەیی لە چوارچێوەی دەستووری و یاسا بۆ پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرایەوە.”
ئەمڕۆ شەممە، 31ی 5ی 2025، لەتیف رەشید و محەممەد شیاع سوودانی لە بەغداد کۆبوونەوە و تاوتوێی چەندین پرس کرا و گرینگترینیان چارەسەرکردنی کێشەی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق کرا لەبارەی مووچەوە.
رۆژی 28ی 5ی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نارد و ئاگاداریکردەوە، چیدیکە ناتوانن لە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بن، چونکە “پشکی دیاریکراوی خۆی لە بودجە تێپەڕاندووە.”
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، “جەخت لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەری ریشەیی کرایەوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا سەبارەت بە پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەوەی لە دەستوور و یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵیدا هاتووە”.
هەروەها لە دیدارەکەدا، دۆخی گشتیی وڵات لەسەر ئاستی نیشتمانی، پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت خرانەڕوو، هەروەها گرنگیی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازیش دووپات کرایەوە.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک “پایەیەکی سەرەکیی پرۆسەی دیموکراسی” کرایەوە بۆ ئەوەی ئەنجامەکان “رەنگدانەوەی ئیرادە و خواستی گەلی عێراق بن.