وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە ئاگركەوتنەوەی هۆتێل گراند کارتال كە كەوتووەتە سەر لوتکەی چیای کۆرۆغڵو لە ناوەڕاستی توركیا گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ 66 كەس، هەروەها 51 كەسی دیكەش برینداربوون.
ئەمڕۆ سێ شەممە، عەلی یەرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو ئاگر لە یەكێك لە هۆتێلەکان كەوتووەتەوە كە لە ناوچەیەكی گەشتیاری ناو بەفرە لە ناوەڕاستی تورکیا و بەهۆیەوە 66 کەس گیانیان لەدەستدا و 51 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، هەوڵەكان بۆ كوژاندنەوەی ئاگرەكە بەردەوامە و لەكاتی ئاگركەوتنەوەكە، 238 كەس لە هۆتێلەکەدا بوون، کە ئاگرەكە تا پاشنیوەڕۆ بەردەوام بووە.
وەزیری ناوخۆی توركیا باسی لەوەشكرد، ئێستا ئاگرەکە کوژاوەتەوە، بەڵام هەوڵەکانی ساردکردنەوە هێشتا بەردەوامن، بەو پێیەی پشتی هۆتێلەکە دەکەوێتە سەر لێوارێک، هەوڵەکانی ئاگرکوژێنەوە تەنها لە پێشەوە و لاكانیەوە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت.
وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نزیکەی 45 خولەک دوای گەیشتی یەکەم ڕاپۆرتی ئاگرەکە، گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و دەستیان بە کوژاندنەوەی ئاگرەکە کردووە.
دەسەڵاتدارانی توركیا ڕایانگەیاندووە، ئاگرەکە لە نهۆمێکی نیشتەجێبوونی چێشتخانەی هۆتێلی گراند کارتال کە 12 نهۆمییە، نزیکەی کاتژمێر 3:30 خولەكی بەیانی بە کاتی ناوخۆ کەوتووەتەوە.
دەشڵێن، “ئاگرەکە زۆر بە خێرایی بڵاوبووەتەوە و بەشێکی زۆری هۆتێلەکەی لەناوبرد کە دەکەوێتە سەر لوتکەی چیای کۆرۆغڵو”.