عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران، ڕایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک وڵاتەکەى ناتوانێت دەستبەردارى پیتاندنى یۆرانیۆم ببێت.
وەزیرى دەرەوەى ئێران، لە دیمانەیەکدا بۆ کەناڵى فۆکس نیوزى ئەمریکى، ڕایگەیاندووە، ناتوانن واز لە پیتاندنى یۆرانیۆم بهێنن، چونکە پیتاندن دەستکەوتێکى زاناکانی ئێرانە و سەرچاوەى شانازییە بۆ وڵاتەکە.
هاوکات ئاماژەى بەوەشکردووە، لە ئێستادا پیتاندنى یۆرانیۆمیان راگرتووە، چونکە ئەو زیانانەى بە وێستگەکان کەوتووە زۆر گەورەیە.
هەروەها لەلایەکى دیکەوە، ئیسماعیل بەقائى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران، ڕایگەیاند، لایەنەکانى یەکێتى ئەورووپا، هەڵە و کەمتەرخەم بوون لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەى ساڵى 2015 و رێزیان لێنەگرت.
رۆژى دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لەگەڵ عەباس عێراقچى، هاوتا ئێرانییەکەى بە تەلەفۆن قسەیان کرد و گفتوگۆیان لەبارەى بەرنامە ئەتۆمییەکەى ئێران و کۆبوونەوەکەى رۆژى هەینى داهاتوو کرد.
هاوکات لێدوانەکانى بەرپرسانى ئێران، لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژى هەینى، دانوستان لەنێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپا، لە ئیستەنبوڵى تورکیا ئەنجام بدرێت.
ئێران و وڵاتانى زلهێز لە ساڵی 2015دا رێککەوتنێکی ئەتۆمییان ئەنجامدا، کە ناوەرۆکەکەی پێکهاتبوو لە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و کەمکردنەوەی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە. بەڵام ئەمڕیکا لە ساڵی 2018دا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.