بەرێوەبەرایەتی تەندروستی ئەنبار ڕایگەیاند، دوای نانخواردن لە ڕێستۆرانتێکی شاری فەللوجە، 40 کەس تووشی ژەهراویبوونی خۆراک بوون.
ئەمڕۆ شەممە، 07 حوزەیران، 2025، لقی پشکنینی تەندروستی بەشی تەندروستی گشتی فەللوجە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “دوای تۆمارکردنی 40 حاڵەتی ژەهراویبوونی خۆراک، ڕێستۆرانتێکی فاست فوود داخراوە؛ ئەو کەسانەی ژەهراویبوون بردرانە ژووری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی مەشقی فەللوجە بۆ وەرگرتنی چارەسەر”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “ئەو گۆشتەی لە خواردنگاکەدا بەکارهاتووە بە گومانی هۆکاری تووشبوون بە حاڵەتەکانی ژەهراویبوون پشکنینیان بۆ کراوە، کەلوپەلی خۆراکی کۆکراوەتەوە و ڕەوانەی پشکنینی تاقیگەیی کراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان”.
بەڕێوەبەری لقی پشکنینی تەندروستی جەختی لەوە کردەوە کە “تیمەکانی پشکنین ڕاستەوخۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن و ئەگەر هەر کەمتەرخەمی یان کەموکورتییەک لە سەلامەتی و ستاندەردەکانی تەندروستی گشتی دەستنیشان بکرێت، ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر لایەنی بەرپرس دەگیرێتەبەر”.
لە لایەکی دیکەوە ئیدارەی قەزای فەللوجە ڕایگەیاند کە ئەو چێشتخانەیەی کە باسی لێوە دەکرێت داخراوە دوای حاڵەتەکانی ژەهراویبوون.
فەیسەڵ خالید ئەلعیفان، قایمقامی قەزای فەللوجە بە ڕاگەیاند، “تا ئێستا 30 کەس بەرکەوتەی ژەهراویبوونی خۆراک بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی مەشقی فەللوجە کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر”.
هەروەها وتی “ئەو گۆشتەی لە ڕێستۆرانتەکەی ڤایکینگ بەرگر بەکاردێت بەهۆی گومانی ژەهراوی بوون کۆکراوەتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە تەندروستییە پەیوەندیدارەکان ڕەوانەی پشکنینی تاقیگەیی کراوە”.
عیفان باسی لەوەشکرد، ” ڕێستۆرانتەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە تا ئەنجامی کۆتایی تاقیگە بەردەست دەبێت و ئەم ڕێکارە بۆ پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان گیراوەتەبەر”، ئاماژەی بەوەشکرد، “لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن و ئەگەر هەر کەمتەرخەمییەک یان کەموکوڕییەک لە بارودۆخی سەلامەتی خۆراکدا دەستنیشانکرا، ئەوا ڕێکارە یاساییە پێویستەکان جێبەجێ دەکرێن”.