بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بەمەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ لەمانگی رەمەزانی پیرۆز شەش داواکاری ئاڕاستەی شۆفێران کرد و رایگەیاند، “پێویستە چاوتان بەبەردەوام لەسەر ڕێگا و دەورووبەری بێت و چاوتان بەردەوام بێت لە گەڕان لەپیادەکان کە ئەوانیش بەهۆی بەڕۆژوبوون تەرکیزیان لەدەستدەدەن، لەوانەیە بە بێئاگایی بپەڕنەوە”.
هاتووچۆی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “پیرۆزبایی مانگی پیرۆزی رەمەزانتان لێدەکەین، داواتان لێدەکەین کە لەو مانگە پیرۆزە بۆ سەلامەتیتان پابەندی ئەو ڕێنماییانە بن”.
ئەم شەش رێنماییە لە مانگی رەمەزان جێبەجێبکەن:
یەکەم:
پێویستە لێخوڕین بەو خێراییە بکرێت کەبەپێی هێماکانی هاتوچۆ دیاریکراوە، نەک زێدەڕۆیی بکرێت، چونکە ڕێگا هەمان ڕێگای جارانە، ئۆتۆمبێلەکەشتان هەمان ئۆتۆمبێلە، ئەوەی لەمانگی پیرۆزی رەمەزان گۆڕانکاری بەسەرداهاتوە جەستەی ئێوەیە کە بەهۆی ڕۆژوبون شەکروفشاری خوێنتان دادەبەزێت، دەبێتە هۆی بێتاقەتی، بەمەش توانای شوفێریتان کەمتر دەبێتەوە، جا ئەگەر تیژڕۆ بن ئەوەندەی تریش تواناکانتان کەمدەبێتەوە.
دوەم:
پێویستە بەر لەسواربونی ئۆتۆمبێل تەماشایەکی خۆتان بکەن و گوێ لەزمانی جەستەتان بگرن، ئەگەر هەستتان کرد کە بێتاقەتن، یان زیاد لەرادەی ئاسایی توڕەن یان خەوتان دێت، شۆفێری نەکەن.
سێیەم:
پێویستە پێداویستیەکان ڕۆژو شکاندن (پاقلاوە، ترشیات، شەربەت، خورما، هەرشتێکی تر کەپێویست بێت) بەر لەکاتژمێر 4:00ی ئێوارە کردرابن، بۆئەوەی لەوکاتە بەدواوە کە بێتاقەتی لەلوتکەیە، توشی ئەوەنەبن بچنە بازاڕ بۆشت کڕین و لەگەڕانەوە توشی دۆخێکی نالەبار دەبن و ناچار دەبن تیژڕۆیی بکەن.
چوارەم: پێویستە چاوتان بەبەردەوام لەسەر ڕێگا و دەوروبەری بێت و چاوتان بەردەوام بێت لە گەڕان لەپیادەکان کە ئەوانیش بەهۆی بەڕۆژوبون تەرکیزیان لەدەستدەدەن، لەوانەیە بە بێئاگایی بپەڕنەوە.
پێنجەم:
بۆ شوفێرانی بارهەڵگر و تاکسیەکان و هێڵی دەرەوە، پێویستە هەرلەپاش نوێژی تەراویح بخەون، ئەگەر بەنیازبن لەپاش نوێژی بەیانی دەربچن بۆسەر کارەکانیان، نابێت تاوەکو پارشێو بەخەبەربن و لەدوای نوێژی بەیانی بچنە سەرکار، چونکە لەو حاڵەتە خەوەکانیان لەپشتی ستێرنی ئۆتۆمبێلەکان تەواو دەکەن، بەمەش توشی ڕوداو و کارەسات دەبنەوە.
شەشەم:
پێویستە زۆر بەئاگاییەوە لەیەکتربڕەکان نزیکببنەوە تەنانەت ئەگەر ڕێگاکان چۆلیش بن، چونکە مەترسیدارترین شوێن لەشەقامەکان یەکتر بڕەکانن.