دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، دوای شەش ڕۆژ لە برینداربوونی خاوەن فرۆشگاکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی گشتت لە سلێمانی تۆمەتباری سەرەکی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکەیان دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ هەینی، 8ـی تشرینی دووەمی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، “دوای شەش ڕۆژ لە برینداربوونی خاوەن فرۆشگاکە و هاوسەرەکەی لە هێرشێکی بۆمبی چێندراو بۆ سەر فرۆشگایەکی شاری کەرکووک، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنی نەزمی گشتی لە سلێمانی تۆمەتباری سەرەکی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکەیان دەستگیرکرد “.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، تۆمەتبارەکە چەند جارێک شوێنی ئامانجەکەی گەڕاندووەتەوە، بۆمبەکەی لەناو جانتایەکدا شاردۆتەوە و لەبەردەم شوێنەکە داینابوو، دواتر بەکارهێنانی مۆبایل لە دوورەوە تەقاندووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕاستەوخۆ دوای ڕووداوەکە، دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆ هێزێکی ئەرکی تایبەتیان پێکهێنا و هەوڵی هەواڵگری و تەکنیکییان کۆکردەوە بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵەکانی تۆمەتبارەکە؛ ئەمەش دەریخست کە تۆمەتبارەکە لە عێراق هەڵاتووە و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لەوێ ماوەتەوە و پاشان چووەتە سلێمانی”.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق راشیگەیاند، “دوای ئەوەی شوێنەکەی لەلایەن مەفرەزەکانمانەوە دەستنیشانکرا، ڕەزامەندی دادوەری پێویست بۆ دەستگیرکردنی بەپێی بڕگەکانی ماددەی (٤)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر وەرگیرا و ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کرا بۆ ڕێکاری یاسایی”.
ڕۆژی 5ـی تشرینی یەکەم، بۆمبێکی چێندراو لە ناوچەی قەسابخانەی کەرکووک تەقیەوە و لە تەقینەوەکەدا سایگین هاجەرۆئۆغڵو بەڕێوەبەری ماڵی تورکمان و هاوسەرەکەی کرایە ئامانج.