ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو وڵاتە و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە “درۆی پیشەگەرانە” بۆ شێواندنی ڕاستییەکان بەکاردەهێنن.
بەقایی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ڕایگەیاند: “درۆزنە پیشەگەرەکان شارەزان لە دروستکردنی وەهمی ڕاستیدا.” ئەو ئاماژەی بە یاسایەکی پڕوپاگەندەی سەردەمی نازییەکان کرد کە لەلایەن “یۆزێف گۆبڵز” وەزیری ڕاگەیاندنی ئەو کاتی ئاڵمانیاوە داڕێژراوە و دەڵێت: “درۆیەک بە پێی پێویست دووبارە بکەرەوە، دەبێت بە ڕاستی.”
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە حکوومەتی ئەمریکا و ئەو لایەنانەی لە دەوری کۆبوونەتەوە، بەتایبەت ئیسرائیل، ئەم ستراتیژییەتە بەشێوەیەکی سیستماتیک دژی ئێران بەکاردەهێنن.
وتیشی: “هەر جۆرە بانگەشەیەک سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، موشەکە بالیستیکەکان و ژمارەی قوربانییانی ئاڵۆزییەکانی مانگی کانوونی دووەم، تەنیا دووبارەکردنەوەی ‘درۆ گەورەکانە’ و نابێت کەس بەم چەواشەکارییانە هەڵبخەڵەتێت.”
ئەم کاردانەوەیەی بەقایی دوای ئەوە دێت کە چەند کاتژمێر پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکدا لەبەردەم کۆنگرێسی وڵاتەکەی، هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران.
ترەمپ باسی لەوە کرد ئێران مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی جیهان، لەبەر ئەوەی هەوڵی دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی دەدات و مووشەکە بالستییەکانی بە شێوەیەک پەرەپێ دەدات کە دەتوانن بگەنە خاکی ئەمریکا، لە ناوخۆی ئەم وڵاتەشدا هاووڵاتییانی خۆی سەرکوت دەکات بە شێوەیە کە مانگی ڕابردوو، لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زیاتر لە ٣٢ هەزار هاووڵاتیی خۆپێشاندەر کوژراون.