پارێزگای هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن و دەستکاریکردنى كوالیتییەکەى، (92) بەنزینخانە سزادراون.
لەراگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەری فەرمی پارێزگای هەولێر بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە کە بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان و لهبهرامبهر دەستکاریکردنى كوالیتی بهنزین، لەمانگى ڕابردوودا (42) بەنزینخانە و لەسەرەتاى ئەو مانگەشدا تاوەکو ئەمڕۆ (50) بەنزینخانە لەهەولێر(ئەربیل) و دەوروبەرى لەلایەن لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر سزادراون و ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “هاوڵاتییان و هاوشاریانى خۆشەویستى شارەکەمان، دڵنیا دەکەینەوە تیمەکانى لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوامن لەگرتنە بەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانانەیەک کە بەنزینى خراپ دەفرۆشنە هاوڵاتییان و دەستکاری کوالێتی بەنزین دەکەن”.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگا داوایەک ئاراستەی هاووڵاتییان کراوە و تێیدا هاتووە، “داواش لە هاووڵاتیان دەکەین لەکاتی تێبینیکردنی هەر جۆرە سەرپێچیەک لە بەنزینخانەکان و فرۆشتنى بەنزینی خراپ و دەستکاریکردنى کوالێتیەکەى لەزووترین کات ئاگادارى قائیمقامیەتى ناوەندى هەولێر بکەنەوە. هەروەها ئاگادارى خاوەن بەنزینخانەکان دەکەینەوە، لەمەودوا هەفتانە ناو و شوێنى ئەو بەنزینخانانە بڵاودەکەینەوە کە سزادەدرێن”.