فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، ئەمڕۆ یەکشەممە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان و بەهۆیەوە سێ سەربازیان کوژراون و 25ـی دیکەش بریندار بوون.
فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا دەڵێت، لە هێرشێکی درۆنیدا لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن سێ سەربازیان کوژراون و 25ـی دیکە برینداربوون. جۆ بایدنیش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، “لەکاتێکدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی راستییەکانین لەبارەی ئەم هێرشە، دەزانین لەلایەن گرووپە چەکدارە رادیکاڵەکانی نزیک لە ئێرانەوە ئەنجامدراوە کە لە سووریا و عێراق جموجووڵیان هەیە“.
جۆ بایدن ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2024، لە راگەیەندراوێکدا وتی، “قوربانیدانی گەورەی ئەو سێ سەربازە لەلایەن گەلەکەمانەوە لەبیر ناکرێت؛ هەوڵدەدەین لە ئاست رێز و شانازی کەسوکاریاندا بین. لە پابەندییەکانیشیان بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبین”. جۆ بایدن پەیامێکی هەڕەشەئامێزیش دەنێرێت و دەڵێت، “هەموو ئەوانەی دەستیان لەو هێرشەدا هەبووە لە کات و شوێنێک کە خۆمان هەڵیدەبژێرین، سزایان دەدەین”.
پێشتر، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا وتی ئەمڕۆ یەکشەممە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا بە درۆن هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکیان و بەهۆیەوە سێ سەربازیان کوژراون و 25ـی دیکەش بریندار بوون.
بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاندووە، هێرشەکە شەوی رابردوو بە درۆن کراوەتە سەر بنکەیەکی بچووکی هێزەکانیان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن کە بە تاوەر 22 ناسراوە و دەکەوێتە نزیک سنووری سووریا.
لەوەتەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس هەڵگیرساوە، یەکەمجارە سەربازانی ئەمریکی راستەوخۆ لە هێرشی درۆنیدا دەکوژرێن.
لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 158 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.