محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ڕایگەیاند، ئێمە لە بەرەی تورکمانی عێراقی جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی هاوشێوە دەکەینەوە کە ڕەنگدانەوەی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا بێت و پێویستە قەزاکانی تەلعەفەر و توزخورماتووش بکرێتە پارێزگا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی نیسانی 2025 محەمەد سەمعان ئاغائۆغلو، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا ڕایگەیاند، “لەکاتێکدا کە دەوڵەتی عێراق بەرەو پتەوکردنی لامەرکەزییەتی ئیداری و فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی قایمقامیەتەکان هەنگاو دەنێت و دوابەدوای بڕیاری گۆڕینی قەزای هەڵەبجە بۆ پارێزگارییەکی نوێ، ئێمە لە بەرەی تورکمانی عێراقی جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی هاوشێوە دەکەینەوە کە ڕەنگدانەوەی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا بێت، بەبێ جیاوازی و پەراوێزخستن”.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ئەو پرەنسیپی دەرفەتی یەکسان کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، داوا لە حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین، قەزاکانی تەلعەفەر و توزخورماتوو بگۆڕن بۆ دوو قایمقامیەتی نوێ، بە شوێنکەوتنی نموونەی هەڵەبجە. ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو قوربانییە زەبەلاحانەی تورکمانەکان لە شەڕی دژی تیرۆردا دراون، خۆڕاگرییان لە بەرامبەر دەیان ساڵەی پەراوێزخستن و دوورخستنەوە و پابەندبوونیان بە یەکگرتوویی و سەروەری عێراقی بێ چەواشە”.
محەمەد سەمعان وتیشی، “ئەم داواکارییە تەرکیزێکی سەرەکی بەرنامەی سیاسی بەرەی تورکمانی یەکگرتووی عێراق بووە، هەروەها ئامانجێکی هاوبەشی لایەن و هێزە سیاسییەکانی تورکمان بووە. ئێمە پێمان وایە پێدانی مافە ئیدارییەکانیان لە تەلعەفەر و توزخورماتوو هەنگاوێکە بۆ چاککردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە مێژووییەی کە بەسەر ئەم دوو قەزایەدا هاتووە و گەیشتن بە گەشەپێدانی دادپەروەرانە و بەردەوام تێیدا”.
ئەوەشی خستەڕوو، داوا لە هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان و نوێنەرانی گەل لە پەرلەمان دەکەین کە لە پاڵ ئەم مافە دەستوورییە ڕەوایەدا بوەستن، لە پێناو چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەری و هاووڵاتیبوون، و دەستەبەرکردنی هاوسەنگی نیشتمانی لە کێشانی نەخشەی ئیداری و سیاسی عێراقدا”.
محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ڕاشیگەیاند، “بژی عێراق، بە هەموو فرەچەشنییەکەیەوە یەکگرتوو و ئازاد بە ئیرادەی گەلەکەی و بە قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ڕێزی لێ بگیرێت”.