بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە، سێ گەنج کە بەمەبەستی راوەماسی روویان لە ناوچەی دەربەندیخان کردبوو، کەوتوونەتە ناو دەریاچەی دەربەندیخانەوە و دووانیان خۆیان رزگار کردووە و یەکێکیان خنکا.
بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی سلێمانی، ئەو سێ گەنجە شەوی رابردوو بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە دەریاچەی دەربەندیخان بەلەمێکیان پێبووە و لەوێ ماونەتەوە، بەڵام بەهۆی نەشارەزایی یەکێکیانەوە بەلەمەکەیان وەرگەڕاوە و کەوتوونەتە دەریاچەکەوە.
ئاماژە بەوەشدرا، دووان لە گەنجەکان توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، بەڵام گەنجەکەی دیکەیان بەناوی (س، ع، م) کە لەدایکبووی 1983 بووە، مەلەی نەزانیوە و خنکاوە.
جێی باسە، تا ئێستا مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ھەوارەبەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخان لە شوێنی رووداوەکەن و لەگەڵ تیمە فریاگوزارییەکانی دیکەدا سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە.