ئێران وڵاتانی کەنداو دڵنیا دەکاتەوە و عێراقیش هێزی زیاتر بۆ پاراستنی سنوورەکان ڕەوانە دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ـی ئاداری ٢٠٢٦، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ناوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەلی باقری، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئاشکرا کرد، کە تێیدا جەخت لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و توندکردنی ڕێکارە ئەمنییەکانی سەر سنوور کراوەتەوە.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەلی باقری، جێگری سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە پێگەیشتووە و تێیدا پەیامی دڵنیایی تارانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە پێگەیاندووە.
ئەعرەجی وتی، باقری جەختی کردووەتەوە کە تاران بە فەرمی وڵاتانی کەنداوی ئاگادار کردووەتەوە کە لە کردەوە سەربازییەکانیدا باڵیۆزخانەکان، کێڵگە نەوتییەکان یان هیچ شوێنێکی مەدەنی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو هێرشەکانیان تەنیا بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بووە.
وتیشی، بەرپرسە باڵاکەی ئێران داوای لە عێراق کردووە ڕێکاری پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن کە بیەوێت سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات ببەزێنێت، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامە ئەمنییە واژۆکراوەکەی نێوان عێراق و ئێران.
هاوکات، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ڕاسپاردەی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هێزی زیاتری پێشمەرگەی ڕەوانەی سەر شریتی سنووری کردووە بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵ و پاراستنی ناوچە سنوورییەکان لە میحوەرەکانی پارێزگای هەولێر.