ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگه‌یاند، قه‌واره‌ی زایۆنی لە غەززە و لوبنان سەرەڕای هەموو تاوانە جەنگییەکانی نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و سەرناکەوێت، ده‌شڵێت، “ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە بۆ نەته‌نیاهۆ دەریانکردوە بەس نییە و دەبێت ئەو و ئەو سەرکردە تاوانکارهكان سزا بدرێن تا مردن”.
عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ هه‌زاران كه‌س له وڵاته‌كه‌ی ڕایگه‌یاند، “سبەینێی بەرەی به‌رخۆدان بە چەندین جار بەهێزتر و فراوانتر ده‌بێت لە ئەمڕۆ، ڕژێمی زایۆنی سەرەڕای درێژەدان بە تاوانەکانی شەڕ لە غەززە و لوبنان مەیدانەکە سەرناکەوێت”.
له‌باره‌ی هێزه‌كانی به‌سیج-ی وڵاته‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، “بەسیج پێش هەموو شتێک قوتابخانەی فیکر و ئایدۆلۆژیایه، کە پشت بە دوو لۆژیک و بناغەی بنەڕەتی دەبەستێت، ئەوانیش ئیمان و باوەڕبوون بە خودا و متمانە بەخۆبوون و باوەڕ بەخۆبوونه، بۆ دروستکردنی ڕۆڵێک”.
ئه‌وه‌شی وت، “به‌گوێره‌ی ئایەتەکانی قورئان فیرعەون میللەتەکەی زەلیل كردبوو تا گوێڕایەڵی بن، بێگومان فیرعەون لە سوڵتانەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئەوروپا شەریفتر بوو؛ چونکە گەلانی دیكه زەلیل دەکەن بۆ تاڵان‌کردنی بەرژەوەندی و سەرچاوەکانیان”.
له‌باره‌ی ده‌ركردنی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ بینیامین نه‌ته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، رێبه‌ری باڵای ئێران وتی، “ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە بۆ نەته‌نیاهۆ دەریانکردووە بەس نییە و دەبێت ئەو و ئەو سەرکردە تاوانکارهكان سزا بدرێن تا مردن”.