ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی ئاداری ٢٠٢٦ ، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا باس لە پەرەسەندنە سەربازییە خێراکانی ناوچەکە و لێکەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی کرا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر جەنگی ئێستا خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد کە لەگەڵ هاوتاکانی لە وڵاتانی کەنداو و ئێران لە پەیوەندیدایە. لاڤرۆڤ جەختی کردەوە کە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەر، گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و پێشخستنی بژاردەی دیپلۆماسی بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان. هەروەها ئاماژەی بە ناردنی نامەیەکی فەرمی بۆ فوئاد حوسێن کرد کە تێیدا تێڕوانینی ڕووسیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە ڕوونکراوەتەوە.
لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق بووەتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە ڕاستەوخۆ بەهۆی بەردەوامیی ململانێکانەوە زیانی بەرکەوتووە، چونکە لەلایەن هەردوولای شەڕەکەوە هێرشی دەکرێتە سەر، ئەمەش وای کردووە عێراق تەنیا “کاریگەر” بێت نەک “لایەن” لە شەڕەکەدا. وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دا کە فراوانبوونی بازنەی پێکدادانەکان، داخستنی گەرووی هورمز و تێکچوونی هاتوچۆی کەشتیوانی، زیانی گەورەیان بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە گەیاندووە، ئەمەش دەبێتە هۆی قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە جیهاندا.
لە تەوەرێکی تری گفتوگۆکەدا، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بانگهێشتی هاوتا عێراقییەکەی کرد بۆ بەشداریکردن لە ١١یەمین کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق-ڕووسیا کە بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. هەروەها هەردوولا باسیان لە گرێبەستە نەوتییەکانی پارێزگای بەسرا کرد کە کۆمپانیاکانی (گازپرۆم)ی ڕووسی و (شیڤرۆن)ی ئەمریکی تێیدا بەشدارن، لەگەڵ تاوتوێکردنی لێکەوتە داراییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.
لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگی و پەیوەندییەکان کردەوە لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەدا.