وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت، هاوكات دوو مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی دامەزراون دابەشدەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ تشرینی یەکەم، ٢٠٢٥ وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی تشرینی دووەم مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، هاوکات هەمان ڕۆژ مووچەی مانگی ئاب و مووچەی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥ـی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دابەشدەکرێت کە لە دوای ١ـی تەمموزی ٢٠٢٤ـەوە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، شایستەکانی سەرۆجەم ئەو مامۆستان و فەرمانبەرانەی كە بەشێوەی گرێبەست و میلاك دامەزراون، لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان-عێراق خەرج دەکرێت.