عەباس جەبر، بۆ میدیا ناوخۆییەکان وتی، یاسا بۆ شێوازی ئاودێرانی کێڵگە کشتوکاڵییەکان دادەنێن جا ئەگەر ئامێری ئاودێرانی جوڵاو بێت یان جێگیر و لەسەر ئەو پرسەش وەزارەتی پیشەسازی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی 50 بۆ 100 ئامێری ئاودێران بە شێوەی مانگانە.
باسی لەوەش کرد، جگە لە وەزارەتی پیشەسازی کۆمپانیای پاوەری نەمسا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی 500 ئامێری ئاودێران و بڕی 33 ملیار دیناریش لەلایەن حکومەتەوە دابینکراوە بەو شێوەیە بە کۆی گشتی دەتوانن پێنج هەزار ئامێری ئاودێران دابین دەکەن. وتیشی “باج و گومرگ لەسەر هاوردەکردنی ئامێری ئاودێران هەڵگیراوە”.
عەباس جەبر ئاماژەی بەوە دا، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو دەبنە خاوەنی ژمارەیەکی گونجاوی ئامێری ئاودێران و لە رێگەیەوە رێژەی بەکاربردنی ئاو کەمدەکەنەوە، چونکە کێشەی ئەو تەنها کاری لە کشتوکاڵ نەکردووە، بەڵکو کاریگەری لەسەر سامانی ئاژەڵیش هەبووە و ئەوەش لە قەیرانی ئاوی ئەهوارەکاندا بە دیدەکرێت.
راشیگەیاند، عێراق خاوەنی چوار هەزار دەریاچەی ماسی مۆڵەتپێدراو و بێمۆڵەتە و بڕیار دەرچووە بۆ داخستنی دەریاچە بێمۆڵەتەکان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانیش پلانی داخستنی دەریاچە مۆڵەتپێدراوەکانیشی داڕشتووە و ئەوانیش رەتیناکەنەوە.