کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە تەکنەلۆژیایەکی ژیری دەستکرد لە کارپێکردنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێكەوتی 5ـی ئایاری 2025، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکەدا ڕەتیکردەوە، بەکارهێنانی هەر جۆرە تەکنەلۆژیایەکی ژیری دەستکرد لە کارپێکردنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا بەکار بهێنرێت.
هاوكات کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی هەر جۆرە تەکنەلۆژیایەکی ژیری دەستکرد لە کارپێکردنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن لە ڕۆژی هەڵبژاردندا ڕەتدەکەینەوە و ڕاست نییە”.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن بە میدیای ناوخۆی ڕاگەیاند، “ئامێری خێراکردنی پرۆسەی ئەنجامەکان چەندین تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد لەخۆدەگرێت، بە چەند هەنگاوێک کاردەکات کە وای لێدەکات مۆری پشتی کاغەزەکە بناسێتەوە و جیاوازی بکات لە نێوان کاغەزە پوچەڵ و مۆرنەکراوەکان، بەپێی میکانیزمێک بەرنامەڕێژی کراوە، ئەنجامەکان ڕاستەوخۆ لەسەر شاشەی ئامێرەکە نیشان دەدات.”
حەسەن هادی زایر ئەوەشی خستەڕوو، “کۆمیسیۆن سوورە لەسەر بەکارهێنانی هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە لە جیهانی تەکنەلۆژیادا هەیە، لە هەمووی گرنگتر خاڵە بەهێزەکانی پرۆسەکەیە لەسەر کاغەزی دەنگدان کە جگە لە ئامێرەکە کەس ناتوانێت ناوەڕۆکی فۆڕمی دەنگدانەکە بزانێت.
ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن هەروەها باسی لەوەش کرد، “هەموو ئەم ڕێوشوێنانەش بە ئامانجی نەهێشتنی ساختەکارییە، کە بە شەفافیەتێکی زۆرەوە کاردەکات.”