فوئاد حوسێن: پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکی حکومەتی عێراقە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • فوئاد حوسێن: پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکی حکومەتی عێراقە

فوئاد حوسێن: پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکی حکومەتی عێراقە

تشرینی یه‌كه‌م 28, 2023 21:19
فوئاد حوسێن: پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان ئەرکی حکومەتی عێراقە
0

لایک

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی هەموو بیانییەکان لە نێویاندا نێردە دیپلۆماسییەکان لە ئەرکی حکومەتە و پارێزگارییان لێدەکەن.

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بینی ونگ، وەزیری دەرەوەی ئوستورالیا پێگەیشت و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئوستورالیا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە کردووە، بەتایبەتی دۆخی فەڵەستین و جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی کردەوە و هەوڵەکانیان بۆ راگرتنی و چارەسەری یەکجاری کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی ئوستورالیا نیگەرانی خۆی بۆ دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیوە و جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق کردەوە.

لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەرکی حکومەتی عێراقە پارێزگاری لە نێردە دیپلۆماسییەکان بکات و پاراستنیان بەشێکە لە ئەرکەکانی هێزە ئەمنییە تایبەتەکان و باسی لەوەشکردووە، یاسا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان ئەو ئەرکەی لەسەر حکومەتی عێراق سەپاندووە.

ئەم نیگەرانیەی ئوستورالیا دوای ئەوە دێت، بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و بۆردومانی بەردەوامی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتانە دەکەن کە پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە.

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو، چەند جارێک گرووپە چەکدارە عێراقییەکان، بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ئەنبار و فڕۆکەخانەی هەریریان بۆردومانکرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) هۆشداری دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی سەردانی عێراق نەکەن و ئەوانەشی لە عێراقن لە فڕۆکەخانەی بەغداوە گەشت نەکەن.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە کارمەندە ناپێویستەکانی باڵیۆزخانەکەی لە عێراق و خێزانی دیپلۆماتکار و ستافی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کردووە، دەستبەجێ عێراق جێبهێڵن بەهۆی دۆخی ئەمنی و بوونی هەڕەشە لە سەر ژیانیان.

En az 10 karakter gerekli