ڕوانگەی عێراقی سەوز ڕایگەیاند، ڕێژەی بەکارهێنانی ئاوی ڕۆژانە لای عێراقییەکان لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا بەرزترینە و هاوڵاتیەکی ئاسایی عێراقی ڕۆژانە 400 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت، ئەوەش پشتڕاستی دەکاتەوە کە عێراق لە بەفیڕۆدانی ئاو پێشەنگی گرتووە.
ڕوانگەی عێراقی سەوز، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە، “هەر هاوڵاتیەکی ئاسایی عێراقی ڕۆژانە 400 لیتر ئاو بەکاردەهێنێت، ئەوەش زۆرترین بەکارهێنانە لە جیهاندا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوڵاتیانی عێراقی داهێنەرن لە شێوازەکانیان بۆ بەفیڕۆدانی ئاو، هەر لە شۆردنی شەقام و باڵەخانەکانەوە دەستپێدەکات، تاوەکو ئاودانی باخچەی ناوماڵ و دەرەوە و شۆردنی ئۆتۆمبێل و شێوازەکانی دیکەی بەفیڕۆدان، بەبێ ئەوەی لایەنی بەرپرسیار بەوەڵام بێن بۆ چارەکردنی ئەم دۆخە.
ڕوانگە لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاو بەرانبەر بەو کەسانە دەکات کە ئەو سامانە بەفیڕۆ دەدەن، بەتایبەتی کە عێراق بەدەست قەیرانێکی سەختی ئاوەوە گیرۆدەیە و بووەتە هۆی وشکەساڵی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور.