ئەمڕۆ شەممە 20 ئایاری 2023، سەعدی ئەحمەد پیرە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لە پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و بابەتی یەکگرتنەوەی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.
سەعدی ئەحمەد پیرە، لەبارەی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان وتی، “ساڵی 2017 نەوشیروان مستەفا سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەشی زۆری سەرکردایەتی ئامادەبوون، وتی: ژیان و تەندروستیم رەنگە یارمەتیم نەدات پۆست وەربگرم؛ بۆیە کەس مەترسی ئەوەی نەبێت پۆستەکەی داگیر بکەم؛ من هاتووم لە سەلام و عەلەیکەوە تاوەکو یەکگرتنەوە ئامادەم”.
ئاماژەی بەوەش دا، “ئێستاش ئەو پرسە لەلایەن بەرپرسانی گۆڕانەوە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و پێشوازیکردنی ئەو بۆچوونەش لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە. بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەک سەرچاوە و بنەمای فکرییان هەیە و لە بازاڕی سیاسیشدا لەلایەن دوژمنەکانەوە بە یەک چاو سەیردەکرێن”.
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی لەبارەی پرسی هەڵبژاردن کە بڕیارە سبەی ئەنجام بدرێت وتی “یەکێتی و پارتی دەبێ هەرچی زووە کۆببنەوە بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییەی هەیە و ئەو کۆبوونەوە و لێکنزیکبوونەوانەی بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان ئەنجامدراون، لەسەر بڕگەیەک یان دوو بڕگە نەوەستن”.
وتیشی، “ئەوەی ئێستا گرفتی دروستکردووە، پرسی کۆتاکانە لە هەڵبژاردندا و لە راستیدا پێموایە ئەو پرسە بەلاڕێدا دەبرێت. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێ لە دەرگە و پەنجەرەی کۆتاکانەوە فێڵی لێ بکرێت. پێشتریش ئاماژەم داوە، ناکرێ بەر لەوەی یاری دەستپێبکات 11 گۆڵ بۆ لایەنی بەرامبەر تۆمارکرابێت”.
سەعدی ئەحمەد پیرە داوای حیزبەکەی بۆ بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەرانی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق خستەڕوو و وتی، “ئەگەر رازین با لیستی فیدراڵی قبووڵ بکرێت و دەبێت ئەو ئالەتانەشمان بدەنێ کە بابەتی بایۆمەتری پشتڕاست دەکەنەوە، بەبێ ئالەتەکان و پشتڕاستکردنەوەی دەنگ و ناسنامەکان، ئەوا هەمان تاس و حەمامە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کێشەکانیان لەگەڵ پارتی لەسەر کورسیی کۆتا روونیدەکاتەوە کە ئەوان “بەهیچ شێوەیەک لایەنگری کەمکردنەوە و بێبەشکردنی پێکهاتەکان نین و ئەم کارە کەسایەتی و متمانەی یەکێتی لەنێودەبات”.
لەبارەی خواست و بۆچوونی یەکێتی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە رێکەوتی 18-11-2023ـی کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، سەعدی ئەحمەد پیرە وتی، “ئەگەر یەکێتی و پارتی بیانەوێ، پاش سێ هەفتەی دیکە هەڵبژاردن دەکرێت”.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت